بەخێربێن بۆ کامبۆدیا
کامبۆدیا وڵاتێکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتەکانی تایلەند و ڤیەتنام و لاوس و کەنداوی تایلەند. ئەم وڵاتە بە مێژووە دەوڵەمەندەکەی و سروشتە جوانەکەی و کلتوورە هەمەجۆرەکەی ناسراوە، کە بەڵگەی خۆڕاگری و تیکۆشانی ئەم نەتەوەیە. کاتێک زیاتر ورد دەبینەوە لە مێژووەکەی، بۆمان دەردەکەوێت کە لە سەدەیی یەکەم هەتا سەدەیی نۆیەم، ئەم ناوچەیە لەلایەن دوو شانشینەوە حوکمڕانی کراوە، کە بریتیبوون لە: فونان و چینلا و کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر کلتووری ئەم وڵاتە کرد. پاشان لە سەدەیی نۆیەم هەتا پازدەهەم، کامبۆدیا لەلایەن ئیمپراتۆریەتی خمێرەوە فەرمانڕەوایی دەکرا. ئەم سەردەمە بە دەستکەوتە تەلارسازیەکانی دەناسرێتەوە، وەک دروستکردنی گەورەترین مۆنۆمێنتی ئایینی لە جیهاندا بەناوی ئانگکۆر وات-Angkor Wat. هەرچەندە لە سەدەیی پازدەهەم، کامبۆدیا ڕووبەڕووی داگیرکاریەکانی ڤیەتنام و تایلەند بووەوە و دواتر دەوڵەتی فەڕەنسا. بەڵام لە ساڵی 1953دا ئەم وڵاتە سەربەخۆبوونی بەتەواوی بەدەست هێنا و لە ئەو کاتەوە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.
پایتەختی وڵاتی کامبۆدیا شاری فنۆم پێنە و خاوەنی زۆرترین دانیشتوانتی وڵاتەکەیە، کە زیاتر لە 2.4 ملیۆن خەڵک تێیدا دەژی. ئەم شارە بە “مرواری ئاسیا” بەناوبانگە بەهۆی ئەو تەلارسازییە سەرنجڕاکێشانەی کە لە سەردەمی حوکمڕانی فەڕەنسادا دروستکراوە. فنۆم پێن لە ساڵی 1372دا دامەزراوە و لە ساڵی 1434دا بووە بە پایتەخت. کاتێک گەشت دەکەیت بۆ ئەم شارە بە کۆمەڵێک جێگە و شوێنەواری سەرنجڕاکێش پێشوازیت لێدەکات وەک، National Museum of Cambodia. ئەم مۆزەخانەیە چەندین پاشماوەی مرۆڤایەتی سەدەکانی کۆنی تێدا نمایشکراوە، دەرفەتێکی نایابە بۆ زیاتر شارەزابوون بە مێژووی کامبۆدیا. پاشان دەتوانی سەردانی Silk Island (Koh Dach) بکەیت، کە بە چنینی ئاوریشم بەناوبانگن. ئەم دوورگەیە ماوەیەکی کەم دوورە لە سەنتەری شاری فنۆم پێن و دەتوانی کاتێکی ئارامی لێ بەسەربەریت. بەڵام ئەگەر ویستت زیاتر ئاشنایی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کامبۆدیا بیت، ئەوە پێویستە سەردانی Central Market (Phsar Thmey) و Phnom Penh Night Market بکەیت. لە ئەم دوو جێگەیە دەتوانی پیاسە و بازاڕی کردن و نان خواردن و کاتێکی نایابی لێ بەسەربەریت. بێگومان نابێت ئەم خواردنە بەتامانەی کامبۆدیاش لەدەست خۆت بدەیت، وەک، Amok (گەڵای مۆز و ماسی و شیری گوێزی هیندی و کرۆونگ بە هەڵم ئامادە دەکرێت) و Num Banhchok (شۆربای ماسی یان مریشک لەگەڵ نوودڵی برنجی تازە، لەگەڵ سەوزەوات).
ئایا دەزانی؟