بەخێربێن بۆ عومان

وڵاتی عومان، کە بە فەرمی بە سوڵتانی عومان ناسراوە لە جیهاندا، دەکەوێتە کەناری باشووری ڕۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەب و دراوسێیە لەگەڵ وڵاتەکانی ئیمارات و سعودیە و یەمەن. ئەم وڵاتە هەمیشە پێگەیەکی گرنگی لە جیهانی عەرەبیدا هەبووە و هەروەها بەهۆی هەڵکەوتەی جیگرافیەکەی بووەتە خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەند. لە کاتی تێڕوانینمان بە مێژووی عوماندا، بۆمان دەردەکەوێت کە لە سەردەمی کۆندا ناوی ئەم ناوچەیە ماجان بووە. ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم ناوچەیە شوێنی بازرگانی مس بووە لەگەڵ ناوچەکانی میزۆپۆتامیا، کە لە ئێستادا وڵاتی عێراق و دەوروبەرەکەی دەگرێتەوە. پاشان، لە سەدەیی حەوتەمدا، ئاینی ئیسلام لەناو خەڵکی عوماندا بڵاوبووەوە و ئەم وڵاتە بوو بە ناوەندی لقی عیبادی ئاینی ئیسلام. هەرچەندە ئەم وڵاتە لە سەدەیی شازدەهەمدا لەلایەن پۆرتوگالیەکانەوە داگیرکرا، بەڵام لە ساڵی 1650دا توانی سەربەخۆبوونی خۆی لە دەسەڵاتی پۆرتوگالیەکان وەربگرێتەوە و لە ئەو کاتەوە وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە بەردەوامی لە گەشەکردندایە. بێگومان ئەمەش دەیکات بە کۆنترین وڵاتی ئازاد لە جیهانی عەرەبیدا. هەروەها لە ساڵی 1970دا، کاتێک سوڵتان قابوس ئیبن سەعید دەستیکرد بە حوکمڕانیکردنی ئەم وڵاتە، سەردەمی عومانی مۆدێرین دەستی پێکرد، و لە ئێستادا یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان و بە سروشتە جوانەکەی و کلتوورە دەوڵەمەندەی بەناوبانگە.

پایتەختی وڵاتی عومان شاری مەسقەتە، ئەم شارە گەورەترین شاری عومانە و ماڵی زیاتر لە 1.67 ملیۆن دانیشتوانە. ئەم شارە بە میوانداری گەشتیاران و میوانەکان بەناوبانگە، کە لە کاتی گەشتکردنت بۆ ئەم شارە هەست بە غریبی ناکەیت. شایەنی باسە کە هەرچەندە زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە لەم شارەدا، بەڵام زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دووەم قسەی پێدەکرێت. هەروەها بە هۆی هەمەجۆری دانیشتوانەکەی، زمانەکانی وەک بەلوچی و سواهیلی و زمانەکانی دیکەی هیندییش قسەی پێدەکرێت. لە کاتی گەشت کردنت بۆ مەسقەت، زۆر جێگەی دڵڕفێن هەیە کە دەتوانیت سەردانیان بکەیت، وەک Sultan Qaboos Grand Mosque. ئەم مزگەوتە یەکێکە لە گەورەترین مزگەوتەکانی جیهان کە بە دیزاینە نایابەکەی و تەلارسازیە ناوازەکەی بەناوبانگە. ئەگەریش ویستت سەردانی شوێنێک بکەیت کە بتوانی زیاتر ئاشنای مێژووە دەوڵەمەندەی عومان ببیت، ئەوە پێویستە سەردانی مۆزەخانەی National Museum of Oman بکەیت. بەڵام ئەگەر بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێیت کە تێیدا کاتێکی ئاسوودە بەسەر بەریت، ئەوە سەردانی کەناری Qurum Beach بکە. هەروەها پێویستە بچیتە بازاڕی  Mutrah Souq، چونکە ئەم بازاڕە شوێنێکی گونجاوە بۆ زیاتر ئاشنابوون بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی عومان. بێگومان لە کاتی مانەوەت لە شاری مەسقەت، پێویستە ئەم خواردنە بەتامانەی عومان تاقی بکەیتەوە، وەک Majboos (برنجی توون لەگەڵ مریشک یان گۆشت) و Mashuai (ماسی برژاو لەگەل برنج و سۆسی لیمۆ) و Halwa (شیرینیەکە لە شەکر و گوڵاو و بەهاراتی جۆراجۆر بە تامی زەعفەران و گوێز دروست دەکرێت).

ئایا دەزانی؟

  • ئاژەڵی نەتەوەیی وڵاتی عومان ئۆرنیکسی عەرەبییە-Arabian Oryx.
  • عومان ماڵی باشترین وەستایی دروستکردنی کەشتییە.
  • خواردنەوەی نەتەوەیی وڵاتی عومان قاوەیە.
  • عومان یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی نەوت.
  • عومان وڵاتێکە کە بەدوورە لە ڕوودانی تاوان تێیدا و یەکێکە لە سەلامەترین وڵاتەکانی جیهان
  • وڵاتی عومان یەکێکە لە بێدەنگترین وڵاتەکانی جیهان.
وڵات
عومان
ژ. دانیشتوان
5.35 ملیۆن
پایتەخت
مەسقەت
زمان
عەرەبی
دراو
ڕیالی عومانی

Recommended Package

7 Days / 8 Night

Join The Newsletter

To receive our best monthly deals

vector1 vector2