بەخێربێن بۆ سوید
سوید وڵاتێکە دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەوروپا و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتەکانی نەرویج و فینلاندا، هەروەها هاوسنووری دەریایی لەگەڵ وڵاتی دانیمارک هەیە. ئەم وڵاتە بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ناوازە ناسراوە، ئەوانیش وەک: بەرزی کوالیتی ژیان، پێشکەوتنەکانی، کلتوور، جوانی سروشت و مێژووە دەوڵەمەندەکەی. کاتێک لە مێژووی وڵاتی سوید دەڕوانین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هەرچەندە ئەم ناوچەیە پێشتر لەلایەن چەندین دەوڵەتانی دیکەوە داگیرکراوە، بەڵام لە سەدەیی دەیەم شانشینی سوید دامەزرا و لە ئەو ماوەیەدا ئاینی مەسیح بڵاوبووەوە. پاشان لە سەدەیی شازدەهەم وڵاتی سوید سەربەخۆبوونی خۆی لەسەر دەستی گوستاڤ ڤاسا-Gustav Vasa بەدەست هێنا، کە ناسراوە بە دامەزرێنەری سویدی مۆدێرن. لە ئەو کاتەوە ئەم وڵاتە هەرگیز بەتەواوی داگیرنەکراوەتەوە، سەڕەڕای هەبووی کاریگەری و هەوڵەکانی دەوڵەتانی دیکە و بۆ چەندین سەدە بە سەرکەوتوویی بەرگری لە ئازادی خۆی کردووە. دواتر لە سەدەیی حەڤدەهەم، دەوڵەتی سوید دەستی کرد بە بەرفراوانکردنی ڕووبەری وڵاتەکەی و لە ئەنجامدا بوو بە یەکێک لە بەهێزترین دەوڵەتەکانی ئەوروپا، کە وڵاتەکانی فینلاندا و ئیستۆنیا و لاتڤیا و ڕووسیایی گرتەوە. لە ئێستادا، ئەم وڵاتە بە بەردەوامی لە داهێنان و پێشکەوتن دایە و هەندێک لە ئەو داهێنانەی لە ئەم وڵاتەدا کراون بریتین لە: بلوتوث و گورچیلەی دەستکرد و پلەی گەرمی سیلیزی.
ستۆکهۆڵم پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتی سویدە و زیاتر لە 1.7 ملیۆن خەڵک تییدا دەژی. هەرچەندە ئەم شارە لە سەدەیی سێزدەهەمەوە پایتەختی ئەم وڵاتە دانرا، بەڵام هەتا ساڵی 1634 بە فەرمی پایتەخت نەبوو، کە پاشان بە فەرمی بە پایتەخت دانرا. کاتێک گەشتی بۆ دەکەیت، شاری ستۆکهۆڵم بە کۆمەڵێک جێگە و شوێنی ناوازە پێشوازیت لێدەکات، وەک Moderna Museet. ئەگەر تۆ کەسێکیت کە هونەرت خۆشدەوێت، ئەوە نابێت ئەم مۆزەخانەیە لە دەست خۆت بدەیت، چونکە یەکێکە لە بەناوبانگترین مۆزەخانەکانی جیهان بۆ هونەر. بەڵام ئەگەر ئارەزووت کرد زیاتر بچیتە ناو سروشت و کاتێکی نایاب بەسەربەریت، ئەوە پێویستە سەردانی پارکی Royal National City Park بکەیت، چونکە پارکێکی گەورەیە و دەریاچە و باخچە و دارستان لەخۆدەگرێت. بێگومان نابێت Gamla Stan (Old Town) لەدەست خۆت بدەیت، لەبەرئەوەی ئەم جێگە ناوازەیە بە دڵی ستۆکهۆڵم ناسراوە و چەندین تەلارسازی مێژووی سەرنجراکێشی تێدایە. ئەگەریش ئارەزووی ئەزموونێکی بێوێنەت کرد، ئەوە پێویستە سەردانی Boat Tour بکەیت، کە دەتوانی بەناو کەنار ئاو و دوورگەکانی شاردا بگەڕێیت بە بەلەم. بێگومان ناکرێ گەشت بۆ ئەم شارە شاهانەیە بکەیت و خواردنەکانی تاقی نەکەیتەوە، کە هەندێکیان بریتین لە: Kottbullar (تۆپی گۆشت لەگەڵ پەتاتەی هاڕاو و گۆشتاو و مرەبای تووی لینگۆنبێری) و Gravad Lax (سەلەمون لەگەڵ خەردەل و شویت) و Kanelbullar (سەموونی دارچین).
ئایا دەزانی؟