بەخێربێن بۆ دانیمارک
دانیمارک وڵاتێکە دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەوروپا و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتەکانی سوید و ئەڵمانیا و نەرویج. کاتێک لە مێژووی ئەم وڵاتە دەڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە خۆڕاگری و خۆگونجاندن دوو تایبەتمەندی دانیمارکییەکان بوون، کە یارمەتیدەربووە لە دروستبوونی ئەو دانیمارکە مۆدێرن و داهێنەرەی کە ئێستا هەیە. لە دەوروبەری ساڵی 960دا ئاینی مەسیح لە ئەم وڵاتەدا بڵاوبووەوە و هەتا ئێستاش لە پلەی یەکەمدا دێت. پاشان لە سەدەیی شازدەهەم، گەشە و پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی لە بواری سیاسی و ئایینیدا و دواتر دانیمارکیەکان دەستیانکرد بە فراوانکردنی ڕووبەری دەوڵەتەکەیان. هەرچەندە لە سەدەکانی حەڤەدەهەم و هەژدەهەمدا بەردەوام بوون لە بەهێزکردن و زیاتر بەرفراوانکردنی سنوورەکەیان، کە ئەمەش لە ڕێگەی دامەزراندی بنکەی بازرگانی لە ناوچەکانی چواردەوریدا کرا. بەڵام نەیانتوانی ئامانجەکەیان بەدیبهێنن، بەهۆی ئەوەی کە سەرکەوتوونەبوون لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئەو ناوچانەی کە کاری بازرگانیان تێدا ئەنجام دەدا و داگیریان بکەن، وەک وڵاتەکانی هیندستان و ئەفریقا و کاریبین. لەگەڵ ئەوەی وەک هەر وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا، دانیمارک لەلایەن ناتزی ئەڵمانیاوە داگیرکرا، بەڵام لە دوای جەنگی جیهانی دووەم توانی سەربەخۆبوونی خۆی بەدەست بهێنێت و لە ئەو کاتەوە بە یەکێک لە وڵاتە پێشەکەوتووەکان ناسراوە. ئەوە هەمووی نییە، چونکە ئەم وڵاتە بۆتە جێگەی سەرنجی هەمووان بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ناوازە، وەک نزمی ڕێژەی بێکاری، سەلامەتی تاکەکان، بەرزی کوالیتی سیستەمی خوێندن، بەکارهێنانی ڕۆبۆت لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان، خۆشگوزەرانی و کوالیتی بەرزی ژیان.
کۆپنهاگن پایتەخت و گەورەترین شاری دانیمارکە، ئەم شارە خاوەنی زیاتر لە 660 هەزار دانیشتوانە. هەر لە سەرەتایی سەدەیی پازدەهەمەوە شاری کۆپنهاگن بووە بە پایتەختی ئەم وڵاتە و دواتر بووە بە ناوەندی گەشەسەندنی کلتووری و ئابووری، بەتایبەت لە سەردەمی ڕێنیسانسدا. پاشان ئەگەر تۆ کەسێک بیت کە ئارەزووی ئاشنابوون بە مێژووی جیهان بکەیت یاخود زیاتر ئایندەناس بیت، ئەوە ئەم شارە بە کۆمەڵێک جێگەی دڵخوازی خۆت پێشوازیت لێدەکات. بۆ نموونە، ئەگەر حەزت بە مێژوو کرد، ئەوە پێویستە سەردانی Christiansborg Palace بکەیت، چونکە ئەم کۆشکە شوێنێکی نموونەییە بۆ زیاتر قووڵبوونەوە لە مێژووی دانیمارک و هەروەها ئەم کۆشکە شوێنی نوێنەرایەتی پەرلەمانی دانیمارک و نووسینگەی سەرۆک وەزیران و دادگای باڵای دانیمارکە. Rosenborg Castle جێگەیەکی دیکەی شاهانەیە کە ناتەوێت لەدەست خۆتی بدەیت، چونکە ئەمە کۆشکی سەدەکانی ناوەڕاستە و گەوهەر و تاجی پاشاکانی دانیمارکی تێدا نمایش کراوە. بەڵام ئەگەر زیاتر ئارەزووی ژیانی مۆدێرنت کرد، ئەوە پێویستە سەردانی Nyhavn بکەیت، چونکە ئەم شوێنە نایابە تاڤگەیەکی بەناوبانگە لەگەڵ کۆمەڵێک کافتریا و ڕێستۆرانت. بێگومان سەردانکردنی The Little Mermaid زۆر بە دڵ دەبێت، چونکە یەکێکە لە بەناوبانگترین و شاهانەترین جێگەکانی کۆپنهاگن. لەگەڵ ئەوەی کاتێکی لەبیرنەکراو لە کۆپنهاگن بەسەردەبەیت، پێویستە هەندێک لە خواردنەکانی دانیمارک تاقی بکەیتەوە، وەک Smørrebrød(لەفە کە لە نانی چاودار و ماسی ترشکراو و گۆشتی برژاو و هێلکە و ڕۆبیان دروست دەکرێت) و Æbleskiver (پانکێکی بچووک و بازنەیی کە لەگەڵ شەکری پاودەر و مرەبا پێشکەش دەکرێت).
ئایا دەزانی؟