بەخێربێن بۆ ئایسلەندا
ئایسلەندا وڵاتێکە دەکەوێتە باکووری ئۆقیانووسی ئەتڵەسییە، کە دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەوروپا. ئەم ناوچەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 861دا لەلایەن ڤاکینگی نەرویجی نادۆد-Norse Viking Naddodd دۆزرایەوە. شایەنی باسە لە ساڵی 930دا کۆنترین پەرلەمانی جیهان لە ئایسلەندا دامەزرا، بەناوی پەرلەمانی ئاڵتینگ-Althing. ئەم پەرلەمانە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پاراستنی تەبایی لە وڵاتەکەدا و مانەوەی سەربەخۆی ئایسلەندا بۆ ماوەیەکی درێژ. هەتا سەدەیی سێزدەهەم، کە لەگەڵ زیادبوونی ململانێکانی ناو ئاڵتینگ، وڵاتەکەی بەرەو لاوازی برد و ئەمەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی داگیربکرێت لەلایەن دەوڵەتەکانی نەرویج و یەکێتی کالمار و دانیمارک. پاشان لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، لە ساڵی 1918دا، ئایسلەندا توانی سەربەخۆبوونی خۆی ڕابگەیێنێت وەک شانشینی ئایسلەندا، و لە ساڵی 1944دا وەک کۆماری ئایسلەندا ناسرا. ئەم وڵاتە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم هەنگاوی گەورەی نا بەرەو گەشەسەندن لە بواری ئابووری و جەختکردنەوە و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە و ڕاوەماسی. وڵاتی ئایسلەندا لە جیهاندا بە هەڵکەوتە جوگرافیە بێهاوتاکەی و کلتوورە دەوڵەمەندەکەی و دیمەنە سروشتیە دڵڕفێنەکانی بەناوبانگە، کە سەرنجی خەڵکێکی زۆری لە سەرانسەری جیهاندا ڕاکێشاوە.
پایتەختی وڵاتی ئایسلەندا شاری ریکجاڤیکە، ئەم شارە گەورەترین شاری ئەم وڵاتەیە و بە سروشتە جوان و کەشوهەوا لەبارەکەی ناسراوە. زیاتر لە 139 هەزار خەڵک لە ئەم شارەدا دەژین و ئەمەش دەیکات بە بچووکترین پایتەختی جیهان، لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە. شاری ڕیکجاڤیک لە دەروروبەری ساڵی 874دا دامەزرا و هەروەها لەلایەن ئینگۆلفورە نەرویجیەکانەوە-Norseman Ingolfur ناونراوە و ناوەکەش بە مانای “کەنداوی دووکەڵی” دێت. ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمی ئاوی ڕووبار و دەریاچەکانی ئەم ناوچەیەوە. هەروەها ئەم شارە ناوەندی سەرەکی چالاکیە کلتووریەکانی ئەم وڵاتەیە و ساڵانە چەندین ڤیستیڤاڵی لێ سازدەکرێت، وەک ڤیستیڤاڵی هونەری ریکجاڤیک-Reykjavik Arts Festival و ڤیستیڤاڵی مۆسیقای شەپۆلی ئاسمانی ئایسلەندا-Iceland Airwaves Music Festival.
شاری ریکجاڤیک بە مۆزەخانەکانی بەناوبانگە، وەک مۆزەخانەکانی National Museum of Iceland و Reykjavik Art Museum. لە کاتی سەردانیکردنت بۆ ئەم دوو مۆزەخانەیە دەرفەتی تێڕوانینێکی قوڵترت بۆ مێژوو و هونەری ئایسلەندا بۆ دەڕەخسێت. بەڵام تەلارسازیش بەشێکی گرنگی ئەم شارەیە، بۆ نموونە Hallgrimskirkja یەکێکە لە جوانترین کەنیسەکان، کە دیمەنەکەی سەرسامت دەکات. هەروەها Harpa یەکێکی دیکەیە لە جوانترین بیناکانی ریکجاڤیک، کە هۆڵێکی کۆنسێرتی شاهانەیە. پاشان دەتوانی کاتێکی ناوازە لە Blue Lagoon Geothermal Spa بەسەربەریت، کە دەتوانی ئازموونێکی بێوێنە لە کەش و هەوا ساردەکەی بکەیت. بێگومان لە کاتی گەشتکردنت بۆ ئەم شارە، نابێت خواردنەکانی لە دەست خۆت بدەیت، وەک Hangikjot (گۆشتی بەرخ ئامادەکراو بە هەڵم) و Harofiskur (ماسی ووشک) و Kleinur (دۆنەتی پێچراو) کە زۆر بەتامە بۆ کاتەی ئارەزووی شیرینیت کرد.
ئایا دەزانی؟