بەخێربێن بۆ ئوردن
ئوردن وڵاتێکە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردن. هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتەکانی سوریا، عێراق، سعودیە، ئیسرائیل، و ناوچەکانی فەڵەستین و هەروەها سنووری دەریایی لەگەڵ دەریایی سوور. ئەم وڵاتە بە دیمەنە سروشتییە خەیاڵیەکانی و مێژووە دەوڵەمەندەکەی و کلتوور و دابونەریتەکەی بەناوبانگە. بەڵام کاتێک بە تایبەت لە مێژووەکەی دەڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم خاکە چەندین قۆناغ و ناخۆشی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئێستا کردووەیەتی بە یەکێک لە جوانترین وڵاتەکانی جیهان. سەرەتا، ئوردن لە سەردەمە کۆنەکاندا بەشێک بووە لە شانشینی نەباتییەکان-Nabatean Kingdom، کە بە پێشکەوتنەکانیان لە بواری ئەندازیاری و بازرگانی ناسراوبوون. پاشان لەلایەن هەردوو ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانەکان و بیزەنتییەکان داگیرکرا و شاری جەرەش (کە پێشتر بە گێراسا ناسراوبوو) نموونەیەکە کە خاوەنی چەندین شوێنەواری ڕۆمانەکانە. دواتر لە سەدەیی حەوتەمدا، سەردەمی ئیسلام دێت، کە تێیدا لە دوای بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلام ئەم ناوچەیە بوو بە بەشێک لە خلافەتی ڕاشیدەین. لەگەڵ ئەوەشدا ئوردن لە سەدەیی شازدەهەم لەلایەن ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیەکانەوە داگیرکرا و وەک بەشێک لە وڵاتی سوریا بەڕێوەدەبرا. بەڵام دواتر لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەم، شۆڕشی گەروەی عەرەب لە دژی عوسمانییەکان لە ئوردن دەستی پێکرد، کە دواجار لە ساڵی 1946دا ئەم خاکە بەتەواوی سەربەخۆبوونی خۆی وەک شانشینی هاشمی ئوردن بەدەستهێنا. لە ئەو کاتەوە ئوردن توانیویەتی سەقامگیری و ئارامی خۆی بپارێزێت و بەشداری لە ئاشتی وهەوڵە سیاسییەکانی ناوچەکەدا بکات.
پایتەختی وڵاتی ئوردن شاری عەممانە و زیاتر لە 2.2 ملیۆن خەڵکی تێدا دەژی. ئەم شارە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1921دا وەک پایتەخت هەڵبژێردرا و لە دوای ئەوەی ئوردن سەربەخۆیی تەواوەتی ڕاگەیاند لە ساڵی 1946 وەک پایتەخت مایەوە. هەروەها عەممان بە “شاری حەوت گرد” ناسراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە سەرەتادا لەسەر حەوت گرد دروستکراوە، بەڵام دواتر فراوانکراوە بۆ زیاتر لە 19 گرد. لەکاتی گەشتکردنت بۆ ئەم شارە، بە کۆمەڵێک شوێنەواری ناوازە و بێهاوتا پێشوازیت لێدەکات. بۆ نموونە، ئەگەر تۆ کەسێک بیت زیاتر حەز بە بابەتی مێژوویی بکەیت، ئەوە دەتوانی سەردانی Amman Citadel بکەیت. لە ئەم قەڵایە دەتوانی زیاتر ئاشنایی مێژووی ئوردن ببیت، چونکە دەتوانی پاشماوەی کەنیسەی دەوڵەتی بیزەنتی و کۆشکی ئومەوی و پەرستگای ڕۆمانەکانی هەرقەلی تێدا بدۆزیتەوە. پاشان پێویستە سەردانی Rainbow Street بکەیت، لەبەرئەوەی ئەم شەقامە بەناوبانگە بە ڕێستۆرانت و کافتریا و دوکانەکانی و کەشێکی ناوازەی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت پارکی King Hussein Park لەدەست خۆت بدەیت، چونکە لێرە دەتوانی چێژ لە باخچە و شوێنە وەرزشی و یاریگاکانی ئەم پارکە وەربگریت و کاتێکی نایاب بەسەربەریت. بێگومان کاتێک گەشت دەکەیت بۆ ئەم وڵاتە شاهانەیە، پێویستە هەندێک لە خواردنە رەسەنەکانی ئوردنیش تاقیبکەیتەوە، وەک Mansaf (گۆشتی بەرخ لە سۆسی ماست ئامادە دەکرێت و لەگەڵ برنج یان ساوەر پێشکەش دەکرێت) و Maqluba (پێکدێت لە چینێک برنج و گۆشت و سەوزە) و Knafeh (لە هەویری سمید یان هەویری ڕیشاڵ ڕیشاڵ و شیلە و چیێک لە پەنیر یان کرێم ئامادە دەکرێت).
ئایا دەزانی؟