بەخێربێن بۆ جۆرجیا
جۆرجیا وڵاتێکە دەکەوێتە چواڕیانی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەوروپا و ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیاوە. ئەم وڵاتە بە کلتوور و مێژووە دەوڵەمەندەکەی و سروشتە جوانەکەی ناسراوە. بەتایبەت کاتێک دەڕوانینە مێژووەکەی، بۆمان دەردەکەوێت کە تێکەڵەیەکە لە شانشینە دێرینەکان و دەستکەوتە کلتووریەکان و ڕووداوە گرنگەکانی مێژوو، وەک شانشینەکانی کۆلچیس-Colchis و ئیبیریا-Iberia، گرنگی ئەم دوو شانشینە ئەوەیە کە بناغەی جۆرجیای هارچەرخیان بنیاتنا. پاشان لە سەدەیی چوارەمدا، جۆرجیا بەتەواوی ئاینی مەسیحی تێدا بڵاوبووەوە، کە دواتر ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە یەکخستنەوەی خەڵکەکەی. شایەنی باسە کە ماوەی نێوای سەدەکانی دەیەم و سێزدەهەم بە سەردەمی زێڕینی مێژووی ئەم وڵاتە دادەنرێت، چونکە لە ئەم ماوەیەدا شانشینی جۆرجیا دامەزرا و ئەم خاکە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. بەڵام دواتر ڕووبەڕووی چەندین تەحەدا و داگیرکاری مەغۆلەکان بووەوە و لەپاش ئەوانیش ئەم ناوچەیە لەلایەن چەندین دەوڵەتانی دیکەوە داگیرکراوە، وەک ئیمڕاتۆریەتی عوسمانیەکان، ئیمڕاتۆریەتی فەرسەکان، دەوڵەتی ڕووسیا، و یەکێتی سۆڤیەت. دواجار لە ساڵی 1991دا جۆرجیا توانی سەربەخۆبوونی خۆی بەدەست بهێنێت و لە ئەو کاتەوە بە یەکێک لە جوانترین جێگەی گەشت و گوزار دادەنرێت.
پایتەختی وڵاتی جۆرجیا شاری تبلیسیە. ئەم شارە یەکەمجار لە سەدەیی پێنجەمدا لەلایەن پاشا ڤاختانگی یەکەمی ئیبیریا-King Vakhtang I of Iberia دامەزرا. ناوی ئەم شارە لە ووشەی کۆنی جۆرجی “تپلیسی-Tpili” وەرگیراوە، کە بەمانایی گەرم دێت، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زۆری کانیاوە گەرمەکانی ئەم شارە. تبلیسی شارێکە پڕە لە جوانی و گەوهەری کۆن و مۆدێرن، یەکێک لەوانەش Narikala Fortress. ئەم قەڵایە یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین جێگەکانی ئەم شارە و دەتوانی تەماشایی دیمەنێکی خەیاڵی شاری تبلیسی لێبکەیت. Bridge of Peace یەکێکی دیکەیە لە شوێنە ناوازەکانی ئەم شارە، کە پردێکی پیادەی مۆدێرنە و خاوەن دیزاینێکی بێهاوتایە و ناوچە مۆدێرن و کۆنەکانی تبلیسی بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت Rustaveli Avenue لەدەست خۆت بدەیت، چونکە شەقامێکە کە چەندین دوکان و کافتریا و جێگەی نایاب لەخۆدەگرێت و دەتوانی کاتێکی خۆشی لێبەسەربەریت. بێگومان کاتێک لە ئەم شارە شاهانەیە دەمێنیتەوە، نابێت خواردنە بەتامەکانی جۆرجیا تام نەکەیت، وەک Khinkali (دەمپلینگی پڕ لە گۆشت و سەوزەوات و قارچک و پەنیر) و Chakhokhbili (شۆربای مریشک کە تەماتە و سەوزەوات و بەهاراتی تێدایە) و Kada (هەویرکاری پڕ لە شەکر و کەرە و ئارد).
ئایا دەزانی؟