بەخێربێن بۆ فینلاندا
فینلاندا وڵاتێکە دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەوروپا و بە تەنها لەگەڵ سێ وڵاتدا هاوسنوورە، کە ئەوانیش بریتین لە: ڕووسیا و نەرویج و سوید. ئەم سێ وڵاتە تەنها سنووری جۆگرافیای فینلاندا دیاری ناکەن، بەڵکو کاریگەری گەورەیان لەسەر کلتوور و مێژووی ئەم وڵاتەدا هەبووە. کاتێک لە مێژووی فینلاندا دەڕوانین بۆمان دەردەکەوێت کە لە سەدەیی دوازدەهەمدا، ئەم ناوچەیە لەلایەن شانشینی سویدەوە داگیراکراوە و لە ماوەی حوکمڕانیکردنی لە فینلاندادا چەند گۆڕانکارییەکی گرنگ ڕوویداوە، وەک بڵاوبوونەوەی ئاینی میسیح لەنێو خەڵکی فینلاندادا و دامەزراندن و سەپاندنی یاسایی سویدی. لە ژێر دەسەڵاتی سوید مایەوە تاوەکو سەدەی نۆزدەهەم، کاتێک سوید فینلەندای ڕادەستی دەوڵەتی ڕووسیا کرد. بەڵام لە ئەم ماوەیەدا خەڵکی فینلاندا بەئاگاهاتنەوەی نەتەوەیی بەخۆیانەوە بینی، کە تێیدا جەختێکی زۆر لەسەر کلتوور و فۆلکلۆر و زمانی فینلاندی کرایەوە. دواتر، لە 6ی کانوونی یەکەمی 1917دا، سەربەخۆبوونی خۆی ڕاگەیاند و لە ئەو کاتەوە بە بەردەوامی لە هەوڵی پێشکەوتندا بووە. ئێستادا، فینلاندا بە کوالیتی بەرزی ژیانکردن تێیدا و سیستەمی پەروەردەی نایاب لە جیهاندا دەناسرێتەوە و هەروەها چەندین جار وەک یەکێک لە بەختەوەرترین وڵاتەکانی جیهان هەڵبژێردراوە.
هێلسینکی پایتەخت و گەورەترین شاری فینلاندایە و خاوەنی زیاتر لە 682 هەزار دانیشتوانە. ئەم شارە لە ساڵی 1550دا لەلایەن پاشای سویدی گوستاقی یەکەم-King Gustav I دامەزرا و دواتر لە ساڵی 1812دا بوو بە پایتەختی ئەم وڵاتە. هێلسینکی بە داهێنان و دیزاینەکانی ناسراوە، کە ئەمەش خۆی لە دیزاینکردنی کەلوپەل و باڵەخانەکانیان دەگرێتەوە و هەتا ئێستاش کارەکانی ئالتۆ-Aalto و مایمیکۆ-Marimekko بەرز دەنرخێندرێن. ئەوە هەمووی نییە، چونکە ساونا بەشێکی گرنگی کلتووری فینلەندییەکانە و شاری هێلسینکی خاوەن ژمارەیەکی زۆر لە ساونایە و بەناوبانگە بۆ ساونا ناوازەکانی، کە ئەمەش کاریگەری کلتوور و دابونەریتی وڵاتەکەیە لە ئەم شارەدا ڕەنگیداوەتەوە.
بێگومان لەکاتی گەشتکردنت بۆ ئەم وڵاتە شاهانەیە، شاری هێلسینکی بە کۆمەڵێک جێگەی نایاب پێشوازیت لێدەکات، وەک Helsinki Zoo، کە یەکێکە لە کۆنترین باخچەی ئاژەڵان لە جیهاندا و ماڵی چەندین جۆری جیاوازی ئاژەڵانە. بەڵام ئەگەر ویستت زیاتر ئاشنای هونەری فینلەندیی ببیت، ئەوە پێویستە سەردانی Kiasma Museum of Contemporary Art بکەیت، چونکە چەندین هونەری مۆدێرنی هونەرمەندانی فینلەندی و جیهانی نمایش دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، لەوانەیە ئارەزوو بکەیت کە زیاتر ئاشنایی کلتووری فیلاندا ببیت، بۆ ئەم مەبەستەش، نابێت Market Square (Kauppatori) لەدەست خۆت بدەیت، چونکە ئەم گۆرەپانی بازاڕە شوێنێکی گونجاوە بۆ زیاتر تێکەڵ بوون بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەم وڵاتە. لە کاتی گەشتکردنت بۆ وڵاتی فینلەندا، نابێت خواردنە بەتامەکانی لەدەست خۆت بدەیت، وەک Karjalanpiirakka-Karelian (ئەمە هەویرکاری بچووکن کە پڕن لە برنج یان پەتاتە لەگەڵ کەرەی هێلکە) و Lohikeitto-Salmon Soup (سوپێکی کرێمیە کە لە ماسی سەلەمون و پەتاتە و کەوەر و شوید دروست دەکرێت لەگەڵ نان پێشکەش دەکرێت) و Mustikkapiirakka-Blueberry Pie (پێکهاتووە لە بۆرەک/پای کە دروست دەکرێت لەگەڵ بلوبێری و پاشان لەگەڵ سۆسی ڤانێلا یان ئایسکرێم پێشکەش دەکرێت).
ئایا دەزانی؟