بەخێربێن بۆ فەڕەنسا
فەڕەنسا وڵاتێکە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کیشوەری ئەوروپا و بە فەرمی بە کۆماری فەڕەنسا ناسراوە، هەروەها دراوسێیە لەگەڵ وڵاتەکانی بەلجیکا و لوکسەمبۆرگ و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و مۆناکۆ و ئەڵمانیا و ئەندۆرا و سویسرا. ئەم وڵاتە خاوەن جوانیەکی هێندە خەیاڵیە، کە هەمووان سەرسام دەکات و بەلای خۆیدا ڕایاندەکێشێت. نەک تەنها ئەوەندە، بەڵکو مێژووی فەڕەنسا پێناسە دەکرێت بە دروستکردنی کاریگەری لەسەر سیاسەت و کلتوور و ئابووری جیهان. کاتێک لە مێژووی فەڕەنسا دەڕوانین، بۆمان دەردەکەویت کە لە سەدەیی یەکەمی پێش زایین و لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانەکاندا، وڵاتی فەڕەنسا ناوی “گاول-Gaul” بووە. ناوەکەی بەمجۆرە ماوەتەوە هەتا سەدەیی پێنجەم و دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژئاوا، کە ناوەکە وردە وردە گۆڕا بۆ “فرانسیا-Francia” و دواتر بۆ “فەڕەنسا”. هەرچەندە ئەم وڵاتە لە ئێستادا یەکێکە لە بەناوبانگترین وڵاتەکانی جیهان لە بواری هونەر و ئەدەبدا، بەڵام سەرەتایی گەشەسەندنی ئەدەب و هونەر لە ئەم وڵاتەدا لە سەدەیی شازدەهەمدا دەستی پێکرد و لە ئەو کاتەوە کاریگەریان لەسەر هونەر و ئەدەبی جیهانیشدا دروستکردووە. شایەنی باسە، کە دوایین کۆماری ئەم وڵاتە بە کۆماری پێنجەم ناسراوە و لە ساڵی 1958دا لەسەر دەستی شارل دی گول-Charles de Gaulle دامەزرا، و هەروەها ئەم کۆمارە وەک حوکمەتی ئێستای فەرەنسا ماوەتەوە.
پاریس پایتەختی وڵاتی فەڕەنسایە، ئەم شارە بە “شاری خۆشەویستی” و “شاری ڕووناکی-La Ville Lumière” ناسراوە. خاوەنی زیاتر لە 2 ملیۆن دانیشتوانە و نەک تەنها ناوەندی فەڕەنسایە بۆ بازرگانی و چالاکی هونەری، بەڵکو بە ناوەندی جیهانیش دەدانرێت بۆ بازرگانی و کلتوور و دارایی و پیشەسازی. ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە ڤیستیڤاڵ و نمایشی جلوبەرگی تێدا سازبکرێت و هەروەها خاوەنی چەندین گەلەری و بنکەی سەرەکی کۆمپانیا جیهانیەکانە، وەک L’Oréal و Louis Vuitton و Chanel و Hermès و Christian Dior و چەندین کۆمپانیایی جیهانی دیکە. ئەگەر تۆ کەسێکیت کە ئارەزووی گەڕان بەناو سروشتدا دەکەیت یان تاقیکردنەوەی خواردنی ناوێ یان دەتەوێت زیاتر ئاشنای هونەر و مێژوو ببیت، ئەوە شاری پاریس هەموویانت پێشکەش دەکات. بۆ نموونە، دەتوانی سەردانی Eiffel Tower بکەیت، کە نەک تەنها بە سومبولی پاریس دادەنرێت، بەڵکو بە سومبولی هەموو وڵاتی فەڕەنسا دادەنرێت. پاشان پێویستە سەردانی Louvre Museum بکەیت. ئەم مۆزەخانەیە گەورەترین مۆزەخانەی هونەرە لە جیهاندا و کارە هونەریەکانی هونەرمەندە جیهانیەکانی تێدا نمایشکراوە، وەک Venus de Milo و Mona Lisa. ئەگەر ویستت زیاتر ئاشنای کلتووری فەڕەنسا و ژیانی ڕۆژانەی فەڕەنسیەکان ببیت، ئەوە پێویستە سەردانی Marché aux Puces de St-Ouen بکەیت، کە یەکێکە لە گەورەترین بازاڕەکانی جیهان. بێگومان کە گەشتکرد بۆ پاریس، نابێت ئەم خواردنانە تاقی نەکەیتەوە، کە بریتین لە: Ratatouille (کە لە بیبەر و پیاز و تەماتە و کولەکە و باینجان و بەهارات پێکهاتووە) و Croissant (هەویکاری چینچینی تەنک و چەور) و Crêpes (پانکێکی تەنک پڕ لە چۆکلێت یان پەنیر یان میوە).
ئایا دەزانی؟