بەخێربێن بۆ ڤیەتنام
ڤیەتنام وڵاتێکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیاوە و بەشێوەیەکی فەرمی بە کۆماری سۆسیالیستی ڤێتنام ناسراوە، هەروەها دراوسێی وڵاتەکانی چین، لاوس و کەمبۆدیایە. ئەم وڵاتە خاوەن مێژوو و کلتوورێکی دەوڵەمەند بە گۆڕانکاری و بوێری خەڵکی ڤیەتنامە، کە ئەمەش بە سومبولی خۆڕاگریان دادەنرێت. کە دەگەڕێینەوە بۆ مێژوو ناتوانین بە شێوەیەکی دروست ڕەچەڵەکی ڤیەتنامیەکان دیاریبکەین. بەڵام چەندین داستان و چیرۆک لە ناو خەڵکی ڤیەتنامدا هەیە کە هەر یەکەیان بە جۆرێکی جیاواز باس لە سەرەتاکەیان دەکات. بۆ نمونە بەگوێرەی یەکێک لە داستانەکان، گەورە ئەژدیهای Lạc Long Quân و پەریە Âu Cơ سەد (100) منداڵیان هەبووە و ڤیەتنامیەکانیش منداڵی یەکەم کوڕیان بوون، کە پاشای بەرەی Hùng dynasty بووە. بەڵام بەپێی کۆنترین تۆماری مێژووی ڤیەتنامیەکان، دەلتای ڕووباری سور (Red River Delta) یەکێک بووە لە سەرەتاترین ئەو شوێنانەی کە تێدا نیشتەجێبوون. بە تەنها یەک جار تێروانینمان بە مێژووەکەیاندا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ڤیەتنامیەکان هەمیشە هەوڵیانداوە بۆ پاراستنی کلتوور و بەهاکانیان، ئەمەش بەتایبەتی لە کاتی حومکڕانیکردنی چینیەکان لە ڤیەتنام دێت، کە بۆ نزیکەی 1000 بەردەوام بووە. لە دوای بەرخۆدانی بەردەوامیان لە دژی چینیەکان و پاش جەنگی Bạch Đằng River، ڤیەتنامیەکان سەربەخۆبوونی خۆیان لە دەسەڵاتی چین ڕاگەیاند لە ساڵی 938زدا. شایەنی باسە یەکێک لە سەردەمە زێڕینەکانی مێژووی ڤیەتنام سەردەمی حوکمڕانی Le Dynasty بوو، کە تێدا هونەر و پەروەردە و ئەدەب بەروپێشچوونێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی.
وڵاتی ڤیەتنام هەمیشە یەکگرتوو و یەک پارچە نەبووە، هەتا پێش ساڵی 1976 ئەم وڵاتە دوو بەش بووە، ڤیەتنامی باکوور و ڤیەتنامی باشوور. لە ساڵی 1945دا ڤیەتنامی باکوور، کە بە کۆماری دیموکراتی ڤیەتنام ناسراوبوو، سەربەخۆبوونی خۆی ڕاگەیاند و شاری هانۆی کردە پایەتەختی خۆی. بەڵام لە ساڵی 1976دا هەردوو بەشی ئەم وڵاتە (ڤیەتنامی باکوور و باشوور) یەکیانگرتەوە و بە کۆماری سۆسیالیستی ڤیەتنام ناساندرا و ئێستاش شاری هانۆی پایتەختی ڤیەتنامی یەکگرتووە. ئەم شارە بەشێوەیەکی گشتی بە خواردنی سەرشەقام ناسراوە، وەک Bun Cha (گۆشتی بەرازی برژاو لەگەڵ نودڵز) و Pho (شۆرابی نودڵز) و Egg Coffee. جگە لە خواردنەکانیان شاری هانۆی خاوەن خۆشترین جێگە گەشتیاریەکانە، وەک دەریاچەی Hoan Kiem Lake، و The Temple of Literature کە لە ساڵی 1070دروستکراوە و یەکەمین زانکۆی وڵاتی ڤیەتنامە. بێگومان نابێت دەریاچەی West Lake لە دەست خۆت بدەیت، چونکە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شوێنەکانی ڤیەتنام و دەوردراوە بە پەستگا و بەلەم و باخچە. هەروەها لە Water Puppet Theatre دەتوانیت چێژ لە نیمایشی بوکەڵە و هونەری سەدەیی 11ی ڤیەتنامیەکان وەربگریت.
ئایا دەزانی؟